ئاشناكردنى موسڵمان بە هەندێك لە ئادابەكانى لەبەركردنى قورئان





الحمدلله وحده، والصلاة والسلام على من لا نبي بعده... وبعد:
[1. نیەتپاكى (الإخلاص):] 
ئاشكرایە كە هەر كردەوەیەك بۆ ئەوەى لاى خواى گەورە وەربگیرێت پێویستى بە دوو مەرج هەیە:
أ. ئەو كردەوەیە تەنها لەبەر خواى گەورە و بە مەبەستى بەدەستهێنانى ڕەزامەندى ئەو ئەنجامى بدرێت.
ب. ئەو كردەوەیە بە پێى دەقەكانى قورئان و سوننەت بێت.
هەر كردەوەیەك ئەم دوو مەرجە یان یەكێكیان تێدا نەبێت وەرناگیرێت.
لەبەركردنى قورئانیش لەبەرئەوەى یەكێكە لە كردەوە چاكە گەورەكان ئەگەر بێتوو ئەو كەسەى كە ئەنجامى دەدات نیەتى بۆ خوا نەبێت لێى وەرناگیرێت، بەڵام لەگه ڵ ئەوەشدا نابێت شەیتان هەڵتبخەڵەتێنێت و ئەوەت لە مێشكدا دروست بكات كە مادەم بۆ خوات نیە ئیتر بۆ خۆت ماندوو دەكەیت وازى لێ بهێنە و بڕۆ بە شتێكى ترەوە خەریك ببە، نەخێر هیچ كات خۆت بۆ شەیتان دەستەمۆ مەكە و ئەگەر دەزانیت لەبەركردنەكەت بۆ خوایە بەردەوام بە و گوێ لە وەسوەسە و قسە پوچەكانى شەیتان مەگرە، ئەگەر دەشزانیت لەبەركردنەكەت لەبەر خوا نیە ئەوا لە ئێستاوە هەوڵ بدە وا بكەیت كە نیەتى خۆت بگۆڕیت و نیەتت پاك بكەیتەوە بۆ خواى گەورە، كەواتە لە هیچ حاڵەتێكدا خۆت مەدە بە دەست شەیتانەوە كە بە ویستى خۆى یاریت پێ بكات.
[2. هەستكردن بە گەورەیى قورئان: ] 
ئەى ئەو كەسەى دەتەوێت قورئان لەبەر بكەیت بیربكەرەوە بزانە دەتەوێت وتەى كێ لەبەر بكەیت ؟!
وتەى ئەو پەروەردگارەى كە ئاسمانەكان و زەوى و ئەوەى لە نێوانیاندایە بە شەش ڕۆژ دروست كردووە !
ئەو پەروەردگارەى كە ئەوەى لە ئاسمانەكان و زەویدا هەیە تەسبیحاتى ئەو دەكەن.
بۆ ئەوەى بە كورتى بەڵام بە پوختى لە گەورەیى قورئان تێبگەیت ئەوا لەم ئایەتەى سورەتى حەشر (ئایەتى 21) وردبەرەوە كە خواى گەورە فەرموویەتى:
[لَوْ أَنْزَلْنَا هَذَا الْقُرْآنَ عَلَى جَبَلٍ لَرَأَيْتَهُ خَاشِعاً مُتَصَدِّعاً مِنْ خَشْيَةِ اللَّهِ وَتِلْكَ الأَمْثَالُ نَضْرِبُهَا لِلنَّاسِ لَعَلَّهُمْ يَتَفَكَّرُونَ ] 
واتە: ئەگەر ئەم قورئانەمان بەسەر كەژ و كێوێكدا دابەزاندایەت ئەوا دەتبینى ملكەچ دەبوو و پارچە پارچە دەبوو لە ترسى خوا، وە ئێمە ئەم نموونانە لە قورئاندا دەهێنینەوە بۆ ئەوەى بیربكەنەوە.
[3. زانینى ئەوەى كە ئەصڵ لە وەرگرتنى قورئان لەبەركردنیەتى:] 
چونكە بتەوێ هەر زانستێك لە زانستە شەرعیەكان بخوێنێت ئەوا دەبینیت بنچینەى ئەو زانستە لە قورئان و سوننەت وەرگیراوە بۆیە پیشەوا نەوەوى - ڕەحمەتى خوداى لێبێت - فەرموویەتى:
(كان السلف لا يعلمون الحديث والفقه إلا لمن يحفظ القرآن) (المجموع: 1/ 38).
واتە: پێشینان وانەى فەرموودە و فیقهیان نەدەوتەوە بە كەسێك نەبێت كە قورئانى لەبەربوایە.
[4. حەزێكى بەهێزى رِاستگۆیانە:] 
واتە: بەڕاستى و بە جدى حەزت لە لەبەركردنى قورئان بێت و ئارام بگریت لەسەر ئەو ناڕەحەتیانەى كە لە ڕێگاى لەبەركردنى قورئاندا توشت دەبێت، چونكە وەكو ئاشكرایە لەبەركردنى هەموو قورئان بە هەفتە و دوو هەفتە تەواو نابێت بۆیە پێویستى بە صەبر و ئارامگرتنى زۆر هەیە تاوەكو بتوانیت بەردەوام بیت و لە ناوەڕاستى ڕێگاكە پەكت نەكەوێت.
[5. كەمكردنەوەى سەرقاڵیەكان:] 
ئەو كەسەى كە دەیەوێت هەموو قورئان لەبەر بكات پێویستى بە كاتێكى زۆر دەبێت، ئەمەش ئەوە دەخوازێت كە هەندێك لە ئیش و كار و حەزەكانى بكات بە قوربانى لە پێناوى لەبەركردنەكەیدا و ئامادەیى تێدا بێت ئەم قوربانیە بدات.
[6. دوعا و پارِانەوە:] 
یەكێك لەو شتە زۆر گرنگانەى كە دەبێتە هۆى یارمەتیدانت لە لەبەركردنى قورئاندا بریتیە لە پاڕانەوە، بۆیە هەرگیز لێى بێئاگا مەبە، و بەردەوام داواى یارمەتى و ئاسانكارى لە خواى گەورە بكە.
[7. لەبەركردن لاى مامۆستایەكى چاك:] 
تاوەكو پێت بكرێت دەبێت لەبەركردنەكەت لە لاى مامۆستایەك بێت، چونكە ئەمە وادەكات زیاتر جدى بیت و پابەند بیت بە لەبەركردنەوە، بەڵام ئەگەر هەر نەكرا ئەوا بێ ئومێد مەبە و خۆت هەوڵ بدە.
[8. لەبەركردن لە یەك موصحەفدا:] 
ئەمەش بۆ ئەوەى وێنەى ئەو لاپەڕەیەى كە لەبەرى دەكەیت لە مێشكتدا بمێنێتەوە چونكە زۆر گۆڕینى موصحەف تێكەڵیەك لە مێشكدا دروست دەكات.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق