له‌پێناو سازان، كێ ئاماده‌یه‌ سازش بكات؟


‌لە ئێستادا لایەنە سیاسیه‌كانى هه‌رێمى كوردستان جەخت لەسەر سازان دەكەنەوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا كامیان سازش لەسەر مافی خۆی دەكات بۆ ئەوەی ئەم دۆخە تێپەڕێنرێت‌؟

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، پێشنیازی كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی كردووە، لە نێوان پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی بۆ ئەوەی هەرچی زووترە پرسی پۆستى سه‌رۆكى هەرێم یەكلایی بكەنەوە.

وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، هیوا میرزا به‌ ئاژانسی ئه‌نادۆڵى راگه‌یاندووه‌ "پێشنیازمان كردووە كە هەفتەی داهاتوو پێنج لایەنە سیاسیە سەرەكیەكە كۆببینەوە بۆ ئەوەی هەرچی زووترە پرسی حوكمڕانی و دەستوور و سەرۆكایەتی هەرێم تاوتوێ بكرێت و بگەیەنە سازان چونكە ناكرێت ئەم دۆخە هەروا بەردەوام بێت".

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد "وەكو یەكگرتووی ئیسلامی پێشنیازی خۆمان هەیە بۆ چۆنیەتی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان، پێشتریش سیستەمی پەرلەمانیمان بە گرنگ زانیوە بەڵام ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ پێكهاتنی لایەنەكان، دەكرێت هەموومان پێشنیازی خۆمان هەبێت و قسەی لەسەر بكەین دواجار سازانی لەسەر بكرێت".

ئەو دۆخەی كە لە هەرێمی كوردستان دروستبووە لەنێوان لایەنەكاندا، وای لێكردوون كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی لەسەر ئەنجام بدەن، پاكێجەكان زۆرن، تا رادەیەكیش گرێ دراون بەیەكەوە.

دیاریكردنی سیستەمی حكومڕانی

لە هەرێمی كوردستان، یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو پێشنیازی سیستەمی پەرلەمانی دەكەن، بەپێی ئەو پێشنیازەش دەبێت دەسەڵات لە هەرێم هاوتای بەغدا بكرێت، سەرۆكی هەرێم زیاتر تەشریفاتی بێت و لەنێو پەرلەمان دیاری بكرێت.

لە بەرامبەردا بۆچوونێكی تریش هەیە پارتی دیموكراتی كوردستان پێیوایە دەبێت سەرۆكی هەرێم لەنێو هاووڵاتییاندا هەڵببژێردرێت.

ئەم دوو بۆچوونە رەوشەكەی بە ئاراستەیەكدا بردووە، نەتوانرێت لە پەرلەمان ئەو پرسە یەكلایی بكرێتەوە، بۆیە حزبەكان هاتوونەتە سەر خەت.

پرسێكی دیكە كە ئێستا گرنگە تەواوبوونی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، "مەسعود بارزانی"یە كە بەپێی یاسای ژمارە ١٩ی ساڵی ٢٠١٣ ویلایەتی مەسعود بارزانی بۆ دوو ساڵ درێژكرایەوە و له‌ 20 ى ئابى 2015 كۆتایی دێت، كەواتە دەبێت لایەنەكان تا 48 رۆژی دیكە ئەم پرسە یەكلایی بكەنەوە، ئەگه‌رنا بۆشایی یاسایی دروست دەبێت.

وتەبێژی یەكگرتوو، هیوا میرزا وتى  "لە كۆبوونەی پێنج قۆڵی یەكێك لەو تەوەرانەی كە باس دەكرێت پرسی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمە چونكە دەبێت لایەنەكان لەسەر تەواو بوونی ویلایەتی بارزانى بگەنە سازانێكی نیشتمانی".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "نازانین لە كۆبوونەی پێنج لایەنەكە تاچەند دەچینە سەر وردەكاری ئەوەی دەبێت، هاوشێوەی ئەنجوومەنی وەزیران، پێكهاتەی سەرۆكایەتی هەرێمیش لە نێوان لایەنەكاندا بە رێژەی كورسی پەرلەمانی دابەش بكرێت بەڵام خاڵی سەرەكی پرسەكان لە ئێستادا ویلایەتی سەرۆكی هەرێمە و دەبێت یەكلا بكرێتەوە".

ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، سەلیم كۆیی رایگه‌یاند "لایەنەكان هەموویان باسی سازان دەكەن، دیارە ئەو سازانەش لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا، ئێمە یاسای سەرۆكایەتی هەرێممان هەیە تاچەند كاری پێدەكرێت ئەوەی گرنگە پێشتر سەرۆك لەلایەن پەرلەمان هەڵبژێردرا دواتر هاووڵاتییان هەڵیان بژارد بۆیە دەبێت ئێمە قسە لەسەر ئەمە بكەین، چۆن بگەینە ئەنجامێك".

سەلیم كۆیی وتیشی "وەكو كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان پرۆژەمان هەبووە بۆ هەمواری یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم، دەبێت لایەنەكانی سیاسییش لەدەرەوە بگەنە سازانێك و بگونجێن، بۆ نموونە پێشتر هەموو شتەكان لەنێوان پارتی یەكێتی یەكلایی كراوەتەوە، لە ئێستا كە پارتی دیموكراتی كوردستان 38 كورسی هەیە و پۆستی زۆریشی بەركەوتووە لە هەرێم، دەبێت قسە لەسەر ئەوە بكرێت ئایا بەپێی ژمارەی كورسی پارتی بەو رێژەیە ئەو هەموو پۆسته‌ى بەردەكەوێت".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی ئاماژەی بەوەشكرد "تا ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان، روئیایەكی روونی نییە بزانین چۆن دەیانەوێت سازان بكرێت لە نێو لایەنە سیاسیه‌كان، هەروەها بارزانیش قسەی نەكردووە ئایا دەمێنێتەوە لە پۆستەی یاخود نا، ئەگەر بەپێی یاسا بێت ناتوانێت خۆی كاندید بكاتەوە، به‌ڵام باسی خراپی رەوشی ئاسایش و ناوچەكەش دەكرێت بۆئه‌وه‌ى ئەو لە پۆستەكەی بمێنێتەوه‌".

هه‌روه‌ها ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، عەلی عەونی پێیوایە دەبێت بۆ سازان سازو تەنازولیش هەبێت لە نێوان لایەنەكاندا.

عەلی عەونی رایگه‌یاند "هەلومەرجی ئێستا ئەوە دەخوازێت هەموومان سازش بكەین، ئەم سازشەش لە پێناو ئەوەی سازان دروست ببێت".

ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارتى ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد "لایەنەكان هەموو شتێكیان بەستوەتەوە بە بارزانی بەڵام ئێمە وەها بیرناكەینەوە، بەپێچەوانەوە قسە لەسەر سیستەم دەكەین".



ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق