قوباد تاڵەبانی لەسەر سورپرایزەكەیان بۆ نێچیرڤان بارزانی روونكردنەوە دەدات



قوباد تاڵەبانی لەسەر سورپرایزەكەیان بۆ نێچیرڤان بارزانی روونكردنەوە دەدات
لەلایەن دەرباز ساڵح 22 کاژێر لەمەو بەر
قوباد تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی ، وێنە: سێڤان محەممەد سەلیم
قوباد تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی ، وێنە: سێڤان محەممەد سەلیم
رووداو- هەولێر

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەسەر رێكخستنی سورپرایزەكەیان بۆ نێچیرڤان بارزانی بەبۆنەی رۆژی لەدایكبوونی و، پێشكەشكردنی دیاری بە سەرۆكوەزیران لەگەڵ رێباز حەملان وەزیری دارایی، روونكردنەوە دەدات.

تاڵەبانی كوڕ، لە پەیجی تایبەتی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، بابەتێكی لەژێر ناونیشانی " قەیرانێکی دیکە رووی کردە کوردستان... بەڵام چارەسەرمان کرد" بڵاوكردووەتەوە. ئەو بە تەنزەوە نووسیویەتی " ‌سەرەڕای قەیرانی دارایی و جەنگ دژی تیرۆریستانی داعش و کێشەی هەمواری یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستان و ... هیتد،  دیارە ئەمڕۆ قەیرانێکی دیکە رووی لە کوردستان کرد، قەیرانی کێک، بەڵام بە ئاسانی چارەسەرمان كرد".
رۆژی دووشەممە 21 ی ئەیلوولی 2015، رۆژی لەدایكوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بوو، بەم بۆنەیەوە قوباد تاڵەبانی و رێباز حەملان لە كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای نەوت و وزە كە هەر ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، سورپرایزیان بۆ بارزانی رێكخست و جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری دارایی كێكێك و تابلۆیەكیان پێشكەش بە سەرۆكوەزیران كرد.


قوباد تاڵەبانی لە بابەتەكەیدا نووسیویەتی " ‌بەڵێ، تومەز، خەڵکانێک کە خۆیان زۆر بە دڵسۆزی من دەزانن نیگەرانیی و خەم و دڵگرانی خۆیانیان پێگەیاندووم ، چ لە رێی سوشیاڵ میدیا چ راستەوخۆ، کە گوایە ئەمڕۆ من، بەبۆنەی جەژنی رۆژی لە دایکبوونی، کێکێکم کڕیوە بۆ سەرۆکی حکومەت کاک نێچیرڤان".
هەروەها ئەوەشی نووسیوە " ‌لێرەدا لە خۆم دەپرسم، بۆچی شتێکی وا ئاسایی هەڵایەکی نا شایستە دەنێتەوە؟ بۆچی کۆمەڵگاکەمان وا بەرەو ئاراستەیەکی ناتەندروست دەڕوات کە وامان لێ بکات گومانمان لە وە بێت کە هەڵوێستێکی زۆر ئاسایی وەک هەڵوێستێکی پڕمانای شاراوە یان سیاسی وەسف بکرێت؟ ".
ئەو روودەكاتە ئەو كەسانەی رەخنەیان لێگرتووە و پێیان دەڵێت " ‌برادەرینە، پێش ئەوەی من کادرێکی یەکێتی بم، من کوردستانیم، پێش ئەوەی من کوردستانی بم من بەشەرم، سیاسەت هەمووشتێک نییە، دەکرێت دوور لە هەڵوێست یان بۆچوونی سیاسی هاوڕێیەتی هەبێت، دەکرێت دوور لە رکابەری و موزاەدە پێکەوە ژیان و پێکەوە کارکردن هەبێت".
تاڵەبانی كوڕ، بە سیاسییەكی كراوە و شیكپۆش دادەنرێت، زۆرجار كاری جیاواز لە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، بەجۆرێك لە چەندین بۆنە و مەراسیم بە بۆینباخێك دەردەكەوێت كە لۆگۆی یانەی مانچستەر یونایتدی لەسەرە، وەک دەربڕینی سەرسامی خۆی بەو یانەیە.


دەقی روونكردنەوەی قوباد تاڵەبانی:

قەیرانێکی دیکە رووی کردە کوردستان...بەڵام چارەسەرمان کرد
‌سەرەڕای قەیرانی دارایی و جەنگ دژی تێرۆریستانی داعش و کێشەی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و ..... دیارە ئەمڕۆ قەیرانێکی دیکە رووی لە کوردستان کرد. قەیرانی کێک.
‌بەڵێ، تومەز، خەڵکانێک کە خۆیان زۆر بە دڵسۆزی من دەزانن نیگەرانی و خەم و دڵگرانی خۆیانیان پێگەیاندووم ، چ لە رێی سوشیاڵ میدیا چ راستەوخۆ، کە گوایە ئەمڕۆ من، بە بۆنە جەژنی رۆژی لە دایکبوونی، کێکێکم کڕیوە بۆ سەرۆکی حکوومەت کاک نێچیرڤان.
‌لێرەدا لە خۆم ئەپرسم، بۆچی شتێکی وا ئاسایی هەڵایەکی نا شایستە دەنێتەوە؟ بۆچی کۆمەڵگاکەمان وا بەرەو ئاڕاستەیەکی نا تەندروست دەڕوات کە وامان لێ بکات گومانمان لە وە بێت کە هەڵوێستێکی زۆر ئاسایی وەک هەڵوێستێکی پڕ مانای شاراوە یان سیاسی وەسف بکرێت؟ 
‌برادەرینە، پێش ئەوەی من کادرێکی یەکێتی بم، من کوردستانیم، پێش ئەوەی من کوردستانی بم من بەشەرم، سیاسەت هەمووشتێک نیە، دەکرێت دوور لە هەڵوێست یان بۆچوونی سیاسی هاورێیەتی هەبێت، دەکرێت دوور لە رکابەری و موزاەدە پێکەوە ژیان و پێکەوە کارکردن هەبێت.
‌خۆشبەختانە قەیرانی کێک بە ئاسانی چارەسەر کرا. کێکەکە خورا، بێ ئێوە ناخۆش، و مەترسن گرانیش نەبوو، بۆیە ئەوەی هێشتا دڵی گرانە، مەترسن.....هەر قوبادەکەی جارانم....کۆتایی بە دونیا نەهات، کەس ئازاری پێ نەگەیشت، بەڵکو لە نێو کەش و هەوایەکی نا تەندروست و پڕ ئاڵۆزی و سیاسی توانیمان، تیمی ئابووری حکوومەتی هەرێم، بە بەشداربوونی وەزیر و فەرمانبەرانی سەر بە چەند لایەکی جیاواز، بە بۆنەی جەژنی رۆژی لە دایک بوونی سەرۆک وەزیرانەکەمان بیهێنینەوە بیر خۆمان کە هاوڕێیەتی و پێکەوە کارکردن لە پێناو بەرژەوەندی گەل زۆر لە سیاسەتی تەسکبینی حزبی بە قیمەت ترە.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق